100₺ = 35,250 IQD         100ERU = 137,750IQD          Zer ayar(21) = 225,000IQD         100,000Tomen = 33,000IQD          100£ = 160,250IQD         100$ = 128,250IQD    
لێچوونی نەوت و کاریگەریە ژینگەییەکان و چۆنیەتی مامەلەکردن لەگەڵیدا

وەرگێڕانی: جیولوجیست ئاشتی تەلعەت

پێشەکی

لەکاتی هەر رووداوێکی لێچوونی نەوت، گرنگترین شت زانینی تایبەتمەندی نەوتەکەیە، بەداخەوە ئەم تێستەی تایبەتمەندی زۆر جار لەلایەن بەرهەمهێنەرەکانەوە یاخود پاڵاوتگاکانەوە بەشێوەیەکی رۆتینی ئەنجام دەدرێـت، واتا لایەنی تایبەت ئەنجامی نادەن. پاڵاوتگاکان بەشێوەیەکی زانستی گرنگی بە زانینی مەودای بڵاوبونەوەی نەوتەکەو خێرایی بە هەڵمبوونی نادەن، بەڵکو لە رێگای چەند ئامێرێکی تایبەتدەو مەزندەی بۆ دەکەن، یاخود گرنگی نادەن بەوەی کە ئایا لە چ جیریەک نەوتەکە گازەکانی ناوی بەشێوەی هەڵم دەردەچێت یان قەبارەی لێچوونەکە چەندە، یان نەوتی لێچوو توشی کارلێکی کیمیایی دەبێت یان نا، یان گرنگی زانینی کاریگەری ئەو لێچوونە لەسەر تەندروستی تاکەکانی ناو کێلگەکە یاخود ئەگەر لەناو ئاوبێت کاریگەریەکەی لەسەر زیندەوەرەکانی ناو ئاو و ژینگە ئەمانە شت گەلێکن لەلایەن پاڵاوتگاو بەرهەمهێنەرەکانەوە بە رۆتین سەیر دەکرێن. هۆبەی فریاکەوتن و زانیاری کەنەدا لەساڵی ١٩٩٠ هەڵسان بە ئەنجامدانی چەند پشکنینێک بۆ کاریگەری ئەو لێچوونە نەوتیانەی لە میانەی ساڵانی ١٩٧٣ تاوەک ١٩٨٤ەوە لەو ولاتە روویداوە، ئەمەش نەک تەنها بۆ زانینی کاریگەریە خراپەکانی، بەڵکو بۆ پێدانی رێنمایی لەکاتی دووبارەبوونەوی ئەو حالەتە بە لایەنی پەیوەندیدار کە چی بکەن لەو کاتەدا. ئەمانەلە ساڵی ١٩٨٤ەوە هەڵسان بە دروستکردنی کەتەلۆگێک کە چەندین داتای تایبەت بە جۆرەکانی نەوت تیایدا نووسرابوو ئەم کەتەلۆگە بەردەوام کاری تیاداکراو نوێکرایەوە لە چەندین سەرچاوەی فەرمی ونافەرمی حکومەتی کەنەدا و دواجار لە نێوان سالی ١٩٨٦ بۆ ١٩٩٦ هەڵسان بە ئامادەکردنی ٦ جۆر لەم کەتەلۆگانە بە پرترین زانیاریەوە کەلەلایەن فەرمانگەی کانزای ئەمریکیەوە لە ساڵی ١٩٨٩ەوە هاوکاریەکی تەواویان کرا بۆ دەولەمەندکردنی کەتەلۆگەکە بە نوێترین زانیاری و نزیکەی ٤٠٠ جۆری لێچوونەکانی نەوتیان تیایادا ئاماژە پێکردبوو، هەروەها بەرامبەر هەر جۆرێک لەوانە کاریگەریەکانی و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵی تیادا روونکرابوەوە. بەو پێیەی کەنەدا یەکێکە لە گەورەترین ئەو وڵاتانەی کە وەک سەرچاوەی لێچوونی نەوت لە جیهان هەژمار دەکرێت.فەرمانگەی ژینگەی کەنەدی (ESD) (١) هەمان ئەو تێستانە ئەنجام دەدات کە لە رێکخراوی ژینگەیی تایبەت لە ویڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام دەدرێن کە بە ASTM(٢) ناسراوە، ئەمانە (فەرمانەی ژینگەی کەنەدی) ئەم تێستانەیان بەشێوەیەکی زۆرتر پەرەپێداوو بەشێوەیەک رێکیانخست، هەوڵدرا چەندین سیفەت لە رێگەیانەوە بدۆزرێـتەوە، لەوانە دۆزینەوەی هاوکێشەی بوونە هەڵمی نەوت،چۆنیەتی دروستبوونی چینە تەنکەکان و سیفاتەکانیان، پێوانی ئاوێتـە کیمیاویە بەهەڵمبووەکان، پێوانی رێژەی تێکەڵبوونی کیمیاوی لەگەڵ ماددەکانی تری سروشت و چەندینی تریش بەهۆی ئەوەی کاتێک گازە شلەکان لەناو نەوت دەردەچن لەکاتی لێچوون چەندین گۆرانکاری کیمیایی و فیزیایی لە نەوتەکەدا دروست دەبێت. هەروەها ئەمان تێستەکانیان تەنها بۆ نەوتی خاو نەبوو، بەڵکو بۆ ئەو نەوتانەشیان دەکرد کە لە تاقیگەکانیان تێستی بە هەڵبوونیان بۆ دەکردن. هەروەها داتاکانیشیان بەشێوەیەکی هەمەلایەنە رێکخستووەو لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە پشتراستیان کردۆتەوە، بۆیە لەنێو دەرخستنەکەیاندا پیوێستە خوێنەر بزانێ بەدوای چیدا دەگەرێت، بۆنمونە تۆ بەدوای نەوتی بیری ناوچەیەکدا دەگەڕێی پێویستە بزانی کە تایبەتمەندیەکەی جیاوازە لەگەڵ هەمان نەوت لە بیری ناوچەیەکی تر، هەروەها ئەو نەوتەی کاری گواستنەوەی بۆ دەکرێت، بەهەمان شێوەی جیاوازە، هەروەها دابەشکاریە رێژەییەکانی ئاوێـتەکانی ناو نەوت جێگیر نین و دەگۆڕێن، بەمەش سیفاتە کیمیایی و فیزیاییەکانی نەوتەکە دەگۆڕێن بەهەمان شێوەش نەوتی ناوچەیەک جیاوازە لەگەڵ نەوتی ناوچەیەکی تر بەپێی قوڵی بیرەکەو تەمەنی بەرهەمهێنان تیایدا بۆیە دەکرێ ناوی نەوتە بەپێی ناوچەکە ناوبنرێت یاخود بەپێچەوانەوە، وەک لە زۆرێک لە راپۆرتی لێکۆلەرانی ئەو بوارەوە واهاتووە، بۆیە کاتێک خوێنەر بەدوای ناوێکدا دەگەڕێت پێویست بوو بگەڕابوایە بۆ سەرچاوەی کەتەلۆگەکە بۆ ئەوەی هەموو شتێک لەبارەی داواکراوەکەی وەربگرێت. ئەمانەی خوارەوە بەشێکی گرنگن لەو بابەتانەی کەبەهۆی لێچوونی نەوتەوە کاریگەری راستەوخۆیان دەبێت لەسەر ژینگەو دەوروبەر.هەروەها بەپێی گرنگی ناونیشانەکان و رێژەی باوی بەکارهێنانیان لێرەدا بەشێکیانمان روونکردۆتەوە. من وەک وەرگێری بابەت بەوێیەی لەمرۆدا پیشەسازی نەوت یەکێکە لەو پیشەسازیەنەی کەلە کوردستاندا بەشێوەیەکی بنەرەتی پشتی پێدەبەسترێت بە گرنگ زانی ئەم بەرهەمە وەرگێڕم بۆ سەر زمانی کوردی بەهیوای ئەوەی ئیزافەیەکی زانیاری بێـت بۆ خوێنەری کورد، هەروەها بەشێوەیەک لە شێوەکان لەبەرامبەر ژینگەی کوردستان ئەم تاقیکردنەوە لەرێگای کۆمپانیاکانی نەوت لەبەرچاوبگیرێن.

API (هێزی راکێشان و کێشی جۆری)

بەهەڵمبوون بە هاوکاری کەش و هەوا یەکێکە لە کردارە سەرەکیەکانی بەشدار لە کاتی رژانی نەوت (شلە) ، هەرچەندە ئاوێتە جێگیرەکان بە هاوکێشەیەکی نەگۆر بەشێکی تووشی بەهەڵمبوون دەبن، بێگومان نەوت بە هەزارەها ئاوێتەی وا لەخۆدەگرێت، کردارەکەش بەشێوەیەکی خێرا روونادات، بەڵکو بەشێوەیەکی هێمن وردە وردە قەبارەکەی کەمدەکات بەشێوەیەک دەکرێ بلێین %٢٥ی قەبارەکەی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر لەدەستدەدات

گۆگرد

رێژەی گۆگرد لەناو نەوتی خاو گرنگیەکی تایبەتی هەیە بەهۆی هەندێ هۆکار. لەوانە لە پرۆسەکانی پاڵاوتن و شکانی بەندەکانی نەوت بەهۆی پلەی گەرمیەوە کاریگەریەکی خراپ دروست دەکات ئەگەر زۆر بێت رێژەکەی، هەروەها کاریگەری خراپیشی لەسەرتەندرووستی دەبێت بۆ ئەو کەسانەی نزیک ئەم شوێنەیە کاردەکەن، جگەلەوەی کە ئەگەر پرۆسەی گەرمکردن بۆ نەوتێک بکەین کە گۆگردی زۆر بێـت دەبێتـە هۆی بەرهەمهێانی رێژەیەکی زۆری کاربۆن دایۆکساید، هەر بۆیەشە کە چەندین رێگا بەکاردەهێنرێـت بۆ دۆزینەوە رێژەی گۆگرد لە نەوتدا، یەکێک لە رێگاکانی زانینی قەبارەی گۆگرد لەناو نەوتەدا بریتیە لە رێگای (general bomb method) ASTM D١٩٠ کەبەکاردێتـ بۆ نەوتێک نزیکەی رێژەی گۆگرد تیایدا %٠.١ بێت، هەروەها لە بواری ژینگەشدا پێوانەکردنی گۆگرد بە رێگای HOREBA MESA٢٠٠بەهۆی شیکاریەکانی کلۆراین ئەنجامدەدرێت ئەمە سەرەرای رێگای٤٢٩٤ ASTM D هەروەها X-Ray Fluorescence Spectroscopy رێگایەکی ترە بۆ پێوانەکردنی رێژەی گۆگرد لەناو نەوتدا ئینجا نەوتەکە هەڵمی زۆر بێت یان کەم.بەگشتیش بۆ نەوتێک بەکاردێت کە رێژەکەی نزیکەی ٠.٠٥-٠.٥% گۆگرد بێت.

رێژەی ئاو

زۆرێک لە نمونەکانی نەوت کە وەردەگیرێن رێژەیەک ئاوی تیایە، بێگومان هەر پرۆسەیەکی جیاکردنەوەی ئاو لەگەڵ نەوتەکە کەم تا زۆر کاریگەری لەسەر پێکهاتەی کیمیایی نەوتەکە دەبێت، بێجگە لەهەندێ حالەتی جێگیر نەبێت کەلە خشتەیەکدا روونکراوەتەوە.بۆیە هەرکات نەوتەکە رێژەی ئاو تیایدا %٥ زیاتر بوو ناتوانین بڵێین ئەمە پێکهاتەیەی بنەرەتی نەوتەکەیە لەسەر ئەم بنەمایە لە دەزگاکانی پاراستن و پەرەپێدانی ژینگەی کەنەدی رێگایەکی تایبەت بەکاردەهێنرێت بۆ ئەم مەبەستە و زانینی رێژەی ئاو تیایدا.

Flash Point خاڵی شلۆق

ئەو پلە گەرمیەیە کە شلەکە (سوتەمەنی) پێی گەرمدەکرێتـ و لەو پلەیەدا شلەکە هەڵم تیایدا دەردەچێت، بێگومان ئەمە دەکەوێتـە بەشی سەرەوەی شلەکە و لەنێو ناوەندی تایبەتی تێستکردنەوەی کردارەکە ئەنجامدەدرێت.لە ئەمریکای باکوور خاڵی شلۆق بە پێوانەکردنی مەترسیەکانی ئاگرکەوتنەوە بەکاردەهێنرێت، هەروەها کەشتیگەلەکانی نێو دەریا هەمان خاڵ بەکاردێنن وەک ئاگاداکردنەوەیەک بەر لە روودانی هەندێ شت.هەروەها خاڵی شلۆق بەکاردەهێنرێنرێـت لە پرۆسەکانی مامەڵەکردنی بەنزین و شلەمەنیە سووکەکان بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرە سوتەمەنیانە لەهەر بارودوخێکدابن ئەگەری گڕگرتنیان هەیە.بەگشتی زۆرێک لە جۆرەکانی نەوت خاڵی شلۆقیان نزمە تائەو کاتەی هەڵم تیایاندا دەردەچێت و دوای ئەوە خاڵی شلۆق رووبەرووی بەرزبوونەوە دەبێـتەوە.چەندین رێگاهەیە بۆ پێوانەکردنی خاڵی شڵۆق لەوانە کوپی کراوەو کوپی داخراو، رێگای کوپی (open cup & close up) کراوە ئەنجامەکانی بەرزترین لە رێگای کوپی داخراو، بەڵام بۆ ئەو جۆرە نەوتە نابێـت کە هەڵم تیایدا زۆرە.هەروەها بۆ نەوتە چەورەکانیش دۆزینەوەی ئەو خاڵە بەرێگای ASTM D٩٢/p٣٦ و بە رێگای کلیڤلاند کوپی کراوە دەکرێت هەرچی جۆرەکانی تری نەوتیشە رێگای D٩٣/IP٣٤ بێنسکی –مارتنز بەکاردەهێنرێـت بۆ دۆزینەوەی ئەو خاڵە جگەلە رێگای D٥٦ کە رێگایەکی ستانداردە.رێگای بینسکی مارتنز رێگایەکی باشە، بەڵام خانەی ساردکردنەوەی تیادا نیە، کەمترین پلەی خاڵی شلۆق کە بدۆزرێـتەوە بە رێگەی D٩٣/IP٣٤ بریتی یە لە ١٠پلەی سلیلیزی کە تیایدا سەری تێستەرەکە دادەخرێت و ساردکرنەوەی تیایدا دەبێت، هەربۆیە رێگای D٥٦ بۆ ئەو شلانە بەکاردەهێنرێت کە جیریەکەی لە ٩.٥ سەنتیپۆیس کەمتر بێت.زۆرێکی لە جۆرەکانی تری شلە هەن کە خاڵی شلۆق تیایاندا کەمترە لە ١٠ پلەی سلیلیزی و جیریەکەشیان بەرزترە لە ٩.٥ سەنتیپۆیس لەپلە گەرمی ٢٥ سلیلیزیدا، بۆ ئەم جۆرە سوتەمەنیانە لە دەزگاکانی پەراستن و پەرەپێدانی ژینگەی کەنەدا تێستەری ئۆتۆماتیکی بۆ بەکاردەهێنرێت کە بەهۆی کرداری سوڕانەوە خالەکە دەدۆزێـتەوە، ئەم رێگایەش جیاوازیەکی ئەوتۆی نیە لەگەڵ رێکای بێنسکی –مارتنز تەنها لەوەدانەبێتـ کە توانایەکی زیاتری لەمان هەیە، میکانزیمەکەشی لەوەدایە کە سوڕانەوەکە کردارێکی گواستنەوەی گەرمی جێگیردروستدەکات بۆ ئەو شلانەی کە جیریان بەزترە لە توانای ئامێرەکە وبەمەش دۆزینەوەی خاڵەکە ئاسانتر ئەبێت.

خاڵی سوتان لەهەوا دا Flammability Limits inAir

رێژەی چری هەوا دوو ئاستی هەیە بەزترین و نزمترین، ئەو ژمارەیە نرخیێکی خەملێنراوی سووتانمان پێدەدات لە هەوادا و زۆر جاریش بە lower explosive limitو upper explosive limitدەناسرێت واتا بەرزترین خاڵ و نزمترین خاڵی سوتان لە هەوادا

Ignition Temperature پلەی گەرمی گڕگرتن

هەندێ جار پێشی دەوترێت پلەی گەرمی گڕگرتنی ئۆتۆماتیکی auto ignition temperature ئەمەش نزمترین پلەی گەرمیە کە ماددەکە گردەگرێت بێ ئەوەی هیچ جۆرە ئاگرێک یان پروسکێک بوونی هەبێـت رێگای دۆزینەوەیشی بەهۆی رێگای E٦٥٩ ASTMدەبێـت

Fire Point خاڵی ئاگرکەوتنەوە

نزمترین پلەی گەرمیە بەرامبەر بەفشاری هەواکە ١٠١.٣ کیلۆپاسکال بێت، ئەمە لەسەر نمونەی شلە تێست دەکرێت بەمەبەستی گڕگرتنی هەڵمی نمونەکە بۆ ماوەی کەمتر لە ٥ سانیە، هەروەها بۆ ئەو مادانەی وەک مادەی چەورکردن بەکاردەهێنرێت عادەتەن خاڵی ئاگرکەوتنەوەی نزیکەی ٣٠ پلەی سلیلیزی لە پلەی گرگرتن بەرزترە.خاڵی ئاگرکەوتنەوەی لە نەوتە چەورەکان بە رێگای ASTM D٩٢/IP٣٦ دەدۆزرێتەوە، هەروەها رێگای ستانداردی دۆزینەوەی هەردوو خاڵی گرگرتن و ئاگرکەوتنەوە بە ASTM D٩٢دەبێت.

Reid Vapor Pressure فشاری هەڵمین

فشاری هەڵمین گرنگترین تایبەتمەندی فیزیایی ئەو شلانەیە کە هەڵمیان تیایە،ئەمەش ئەو فشارەیە کە لەسەر هەڵمی دەوروبەرەکەی بەرامبەر ١ فشاری ئەتمۆسفیری دروست دەبێت و بە کیلۆپاسکال دەپێورێت. ئەو شلانەی کە هەلگری بڕێکی زۆری هەڵمن فشاری هەڵمین بە ناراستەوخۆیی بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی رێژەی بوونە هەڵم لەو شلانە. فشاری هەڵمین بە چەندین رێگای جیاواز دەپێورێت لەوانە (Reid, dynamic, static, isoteniscope, vapour pressure balance, and gas saturation(

هەروەها باوترین رێگای دۆزینەوەی ئەم فشارە لە نەوتدا بریتیە لە رێگای Vapor Pressure Reidکەبەهۆی٣٢٣ ASTM Dدەدۆزرێـەوە.ئەم رێگایە بۆ دۆزینەوەی فشاری هەڵمین لە ٣٧.٨ پلەی سلیلیزی لە بەرهەمەکانی نەوت بەکاردەهێنرێت کاتێک پلەی کوڵانی بێت

گازی گۆگردیدی هایدرۆجین H٢S

ئەم گازە جیاوازە لەو جۆرە ئاوێتە گۆگردییەی کەلە پێکهاتەی نەوتدا هەیە و بەگشتی لە پاشماوەکانی کردارەکانی دلۆپاندن کۆدەبێـەوە و لەوێوەبە کرداری گەرمکردن و دلۆپاندنەوە بڵاودەبێـتەوە.لەکاتی رژانی نەوت ئەم گازەیە مەترسی تەندروستی لەسەر دەرووبەر دەبێت بەهۆی ئەوەی گازێکە زوو گڕدەگرێت و ژەهراویە بۆ مرۆڤ.

بۆنی ماددە Odor Threshold

ئەم بۆنەیە کەمترین چڕی هەیە لە هەواداو دەکرێ مرۆڤ بەهۆی لوتیەوە هەستی پێبکات، بەڵام ناشکرێ بۆنکردن بکرێتە پێوەر بۆ هەستکردن بەم بۆنە بەو پێەیەی مرۆڤەکان توانایان جیاوازە بۆ هەستی بۆنکردن هەروەها ناشکرێ بۆنی ماددەی ژەهراوی لەلایەن مرۆڤەوە بکرێت ئەمە جگەلەوەی مادە کیمیاییەکان بەشێکیان بۆنی ئەوەی تریان لادەبەن.

چڕی Density

چڕی پێناسە دەکرێت بە بارستە بۆ یەکەی قەبارەی هەرشتێک، بۆ نەوت بەگشتی بە گم/سم٣ دەپێویرێت و بەکشتی پابەندە بە پلەی گەرمی، نەوت سەر ئاو دەکەوێت ئەگەر چڕیەکەی لە چری ئاو کەمتر بێت و ئەمەش لەسەر نەوتی خاو و بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی نەوت جێبەجێ دەبێت واتا سەر ئاودەکەون، ئینجا ئەوەکە چ ئاوی سوێر بێت یان ئاوی پاک.هەروەها قیرو پاشماوە قورسەکانی نەوت کە چڕیەکانیان لە ١گم/مل زیاترە، شێوازی سەرئاوکەوتنیان جیاوازە بەپێی پلەی گەرمی و سوێری ئاوەکە. چری نەوتی خاو بەپێی کات زیاددەکات لەکاتی رژانیدا بەهۆی دەرچوونی گازەکانی ناویەوە، بۆیە دەکرێ دوای دەرچوونی ئەو گازانە نەوتەکە ژێرئاو بکەوێت، هەربۆیە پەیمانگەی نەوتی ئەمریکی APIکێشی جۆری specific gravityیاخود چڕی وەک یەک هەژمار دەکەن پێناسەی دەکەن بە چڕی ئەو شلەیە لە پلەیەکی گەرمی بۆ چری شلەی ئاو.

خاڵی رۆیشتنی جێگیر pour point

خاڵی رۆیشتن بۆ شلەیەکی وەک نەوت، بریتیە لە کەمترین پلەی گەرمی کە شلەکە بەهۆیەوە بجولێیت یاخودبڕوات، بێگومان لەژێربارودۆخی تایبەتی تێستکردن. نەرۆیشتن یان نەجولانی نەوت لە شوێن خۆی نیشانەی بوونی پاشماوە قورسەکانی نەوتەکەیە لەناو پێکهاتەکەی بەتایبەت پاشماوەی مۆم wax کە دەبێتە هۆی زیادکردنی جیریەکەی و کرداری جولەکردنی ئاسان نابێت، بەتایبەت لەو بارەدا کە نەوتەکە ئەو پاشماوە قورسانەی تیابێت کاریگەری گەرمکردن و ساردبوونەوە تیایدا رۆلی گرنگ دەگێرێت.لە کاتی رژانی شلەی نەوت ئەوە زانراوە کەهەریەکە لە شێوەو قەبارەی کۆنتێنەرەکە و پێکهاتەی فیزیایی نەوتەکە رۆلی گرنگ دەگێرن بۆ جوڵانی نەوت.هەربۆیە دۆزینەوەی ئەو خاڵە وەک ئاماژەیەکە بۆ پلەی گەرمی نەک وەک نرخێکی رووت. رێگای ستاندار بۆ دۆزینەوەی خالی رۆیشتنی جێگیر بریتیە لە ASTM D٩٧.

جیڕی viscosity

جیری پێوانەکردنی توانای شلەیەکە بۆ جوولەکردن، جیری کەم واتا شلەکە بە ئاسانی توانای جولەکردنی ئەبێـت، بەهەمان شێوەی چڕی جیریش پلەی گەرمی کاریگەری لەسەر دەکات، ئەگەر پلەی گەرمی زیادبێت جیری کەمدەبێت و بەپێچەوانەشەوە، ئەم سیفەتە بە سەنتیپۆیسس دەپێورێت. جیری سیفەتێکی گرنگە لە نەوتدا بەهۆی ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو سیفەتە نەوت بڵاوئەبێتەوە، و لەسەر هەمان بنەماش ئامێرو فاسیلی تایبەت بۆ بەرگرتن بەم حالەتە دادەنرێت.جیری بەهەردوو نرخی رووت و رێژەیی پێوانە دەکرێت، نرخی رووت لە جیریدا مانای پێوانەکردنیەتی بە رێگای ستاندارد، ئەم نرخە بەوە جیادەکرێتەوە لە نرخی رێژەیی کە بە ئامێرێک پێوانە دەکرێت کە ئامێرەکە بەهۆی راکێشانی سیفەتی جیری لە شلەکە پێوانی ئەو سیفەتە دەکات ئەمەش گرنگترین سودی ئەوەیە کە داتای وەرگیراو تیایدا هی نمونەیەکی دیاریکراوە یاخود وەرگیراوە بە ڤیسکۆمیتەرەوە کە بێگومان بۆ تاقیگەش ئاسانتر ئەبێـت.

دروستبوونی نەتواوەکان (چینە تەنکەکان) emulsion formation

بوونی ئاو لەناو نەوتدا یاخود نیشتنی دلۆپەکانی ئاو لەناو نەوتدا حالێکی باوترە لە پێچەوانەکەی، کاتێک نەوت دەرژێتە ناو دەریایەکەوە دروست بوونی ئەم تەنۆلکە نەتواوانە سیفەتێک دەدات بە نەوتەکە کە زۆر جیاوازبووە لەگەڵ نەوتی پێش خۆی، بێگومان ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر سیفاتی نەوتەکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئینجا بۆهەرچ مەبەستێک بێت.ساڵی ١٩٩٤ رێگایەکی تایبەت دۆزرایەوە بۆ رزگاربوون لەو حالەتە کە ئەویش بەهۆی ئامێرێکی هەردوو سەر داخراوبوو بۆ زانینی رێژەی ئاو لەناو نەوتدا .

بڵاوبونەوەی کیمیایی Chemical Dispersability

هەندێ جار لەکاتی رووداوی لێچوونی نەوتدا لەنێوئاو لەژێربارودۆخی تایبەت ئاوێتەکانی نەوت بە خێراییەکی دیاریکراو تووشی بڵاوبونەوە دەبن، ئەمەش کاریگەری خراپی ئەبێت بۆ سەر باڵندەو گیانەوەرەکان و لێواری دەریا یان رووبارەکەش بۆیە لە ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن وەزارەتی نەوتی کەنەدیەوە تێستی سوڕانی پێچەوانەیی لەناو فلاسک swirling flask test (SFT) بەکارهێنرا، دەستەی کارگێری کانزاکان هەڵسان بە تێستکردنی چەند نمونەیەک بۆ چەندین جار بە شێوەیەکی دووبارە بەمەبەستی دەستکەوتنی جیاوازیەکان لە گۆڕانی سیفەتی شلەکە، لەمەشدا ئەو فاکتەرانەیان دۆزیەوە کە کاریگەری دەکاتە سەر بڵاوکردنەوە لە نەوتەکە بەپێی بارودۆخی تایبەت لەوانە، پلەی گەرمی، پێکهاتەی کیمیایی نەوتەکە،تێکەلبوونی تەنۆلکەکانی وزە، سوێری ئاوەکە، کەش و هەوا

کۆمەڵەکانی هایدرۆکاربۆن

تایبەتمەندیەکانی ئەو نەوتەی کەلەناو دەریادا دەرژێت یان بە شێوەی لێچوون دەرژێت بە سیفەتی کیمیایی نەوتەکەوە بەستراوەتەوە، لەوێشەوە دەتوانین بڵێین گرنگترین پێکهاتە کیمیاییەکانی ئەو نەوتە هەریەکە لە مادە بۆندارەکان و مۆم و ئەسفەلت و پاشماوەی تر دەگرێـتەوە، هەروەها ئاوێتەی ئەلکانەکان بەهۆی هەریەکە لە کاربۆن و هایدرۆجینەوە لایەنێکی تری پێکهاتەی نەوتەکە دەبن. پێکهاتووە گەورەکانی مۆم (واکس) لەناو نەوتە لە دواییدا سیفەتی جولەپێکردن و سواقدانی نەوتەکەو بەشێکیش هەڵم دەدەن بە نەوتەکە، ئاوێـتە ئەرۆماتیە گەورەکانیش تەنها ئەلقەیەکی کیمیایی بەنزین لەخۆدەگرن لە پێکهاتەی کیمیاییان لەناو نەوتەکەدا و ئاوێتـە ئەرۆماتیە بچوکەکانیش بەشێکیان لەناو ئاودا دەتوێنەوەو بەشێکیشیان دەبن بە هەڵم. هەرچی پاشماوە ئۆرگانیکە نەتواوەکانیشە لەگەڵ ئەسفەلت هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە، بەشێوەیەک دەکرێ بڵێین ئەسفەلت پاشماوەی کۆبووەوەی ئەو مەوادە ئۆرگانیکە نەتواوانەیە و هەردووکیشیان هەڵگری ئاوێتە ئەرۆماتیەکانی وەک ئەلکانەکان و ئەلکینن وەک ئۆکسجین و نایترۆجین و گۆگرد و لە کانزاکانیش وەک ئاسن و نیکل و ڤەنادیۆم کەپەیەوندیەکی توندوتۆلیان هەیە لەگەڵ ئەسفەلت، هەردوو گروپەکە ناتوانن بەشێوەی بەهەڵم بوون دەربچن یان بتوێنەوە یاخود شیببنەوە و لەهەمان کاتدا هەردوو گروپ لەناو ئاودا شێوازێکی جێگیر وەردەگرن، ئەگەر رێژەکەیان زیاتر بێـ لە %٣ لەناو نەوتەکە. هەروەها مۆمەکەش لە٢٠ پلەی سلیلیزیدا حالەتێکی شلبوونەوەی زنجیرەیی وەردەگرێت، ئەمانە لەسەرەتادا لەلایەن زۆرێک لە کیمیاناسەکانەوە هەڵگری قسەی زۆربوون بەو پێیەی پێیان شتێکی ئاسان نەبوو لە ئاوێتەیەکی وەک نَەوتدا بتوانرێت ئەو هەموو کردارە بەشکردنە روونبکەنەوە

تێکەڵبوونی ناچونیەکەکان Adhesion

دەمێکە ئەوە زانراوە کە جۆرە جیاوازەکانی نەوت ئەگەر لەرووی پێکهاتنیشەوە جیاواز بن ئەوا ئارەزووی تێکەڵ بوون دەکەن لە روویەکی فراواندا، ئەمەش بە تێستێکی تایبەت تاقی کرایەوە کە روویەکی ئاسۆیی ئامادەکرا بەسەرجەم پێویستیەکانەوە بۆیە نەوتی ناچونیەک بەوە پێناسە دەکرێت کە بارستەیەکی دیاری کراوی نەوت بەرامبەر یەکەیەکی رووبەر دوای لاربوون و رژانی نەوتەکە و دوای نیو کاتژمێر لەسەر روویەکی دیاریکراو دەمێنێتەوە. پرۆسەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ستاندارد بۆ ئەم سیفەتە بریتیە لە ئامادەکردنی دووجۆر نەوتی هەڵمین و نەوتی پاک کەهەڵگری دوو جۆر جیری جیاوازبن،هەروەها ئەو پێویستیانەی کە لەبەرچاودەگیرێن هەریەکە لە پلەی گەرمی و جیری و کات و روویەکی ئامادەکراوە دەبێت و پرۆسەکە بە ئاسایی ئەنجامدەدرێت.

پێکهاتە ئەندامیە هەڵًمینەکان Volatile Organic CompoundsVOCs-

هەریەکە لە ئاوێـتەکانی بەنزین و تۆلەوین و ئیزالین بەنزین وزایلین گرنگترین ئاوێـتە ئەرۆماتیەکانی ناو نەوتن، هەروەها گرنترین ماددە تواوەکان و گوازراوەکانن لە زۆرێک لە بەرهەمە نەوتیەکان هەروەها ئەمانە بەشێوەیەکی ورد دەکرێ ئاوێتەکانیان لەناو ئاوی ژێر زەوی و خاک و نیشتەنیەکان بدۆزرێتەوە بەهۆی ئەو لێچوونەی نەوتەکە لە ژێرزەوی ئەیبێت لەگەڵ خاک

هێزی فراوانکردنی رووبەرو توانای تێکەلبوون Surface Tension and Interfacial Tension

هێزی فراوانکردن یان (Surface Tension) بەو هێزە پێناسە دەکرێت کە پێویستە بۆ فراوانکردنی رووبەری روویەک بۆ شلەیەک لە بارێکی تایبەتدا، بەڵام هەرچی فاکتەری توانای تێکەڵبوونە (Interfacial Tension) ئەو فاکتەرەیە لەشلەیەکدا کە دوورووی تیایە واتا گازو شلە بەیەکەوەن، لەدوو سیستەمی جیاوازو و لەناو هەریەکە لە ئاوو نەوتدا بۆ زانینی بەردەوامی لە سیفەتی هەریەک لەمانە.لە زانستی کیمیادا هێزی فراوانکردن بەوە پێناسە دەکرێتـ کە هێزی راکێشانی دەنکۆلەکانە لەنێوان یەکتر لە دوو ناوەندی هەواو شلەدا و بە ملینیوتن /مەتر دەپێورێت کە یەکسانە بە داین/سم. ئەم سیفەتە لە نەوتدا گرنگیەکەی لەوەدایە کە بەهۆیەوە رێژەی چاوەروانکراو بۆ بڵاوبونەوەی نەوت دەزانرێت.لەنێوان هەریەکە لە نەوت/هەوا هەروەها نەوت/ئاو دەتوانین توانای تێکەلبوون بۆ بلاوبوونەوە بە هاوکێشە بزانرێت و لەوێوە ئاراستەی جولەی نەوتەکە دەکرێ بدۆزرێتـەوە، هەروەها جیاوازی لە چڕی و جیڕی هاوتا لەگەڵ پلەی گەرمی جیاوازیەکی سیستەماتیکیمان بۆ نیشان دەدات لە جولەکەدا.

دابەشبوونی خاڵەکانی کوڵان

لە پیشەسازی پاڵاوتنی نەوتدا داتای کوڵان لە نەوتی خاودا بەکاردێت وەک پێوەرێک بۆ باشی و خراپی کوالێتی نەوتەکە بەرلەوەی لەلایەن پاڵاوتگەوە بکڕدرێت، ئەمەش بۆ خەملاندنی نەوتەکە لە کاتی گواستنەوەو مامەڵەکردنی لەکاتی بردنە ژێر پرۆسێسی جیاکردنەوە لە پاڵاوتگە، هەروەها لە لێکۆلینەوە ژینگەییەکان هەمان داتا بەکاردەهێنرێت بۆ زانینی رێژەی هەڵمی نەوتەکە، دەکرێ وەک سەرەداوێکیش سەیربرکرێت بۆ دۆزینەوەی شوێنی لێچوون یان رژانی نەوت لە ناوچەکە. لەهەمان کات داتای کوڵان دەکرێ بۆ دۆزینەوەی رێژەی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتەکە بەکاربهێنرێتـ، بەو پێیەی بەشێوەی هەڵم تیایدا دەردەچێت. لە پیشەسازیدا بەگشتی ئەم داتایە لە تاوەری دلۆپاندن وەردەگیرێت ئینجا چ دلۆپاندنی هەوایی بێت یان دلۆپاندن بە مژین، هەرچەندە ئەو رێگایانە دیقەیەکی وای پێکهاتەکانی کاربۆن و گاز نادەن بەدەستەوە، بۆیە باشترین رێگای وەرگرتنی داتا دابەشکاریەکانی پلەی کوڵان بریتیە ASTM D٢٨٨٧ بۆ نەوت، بەهۆی ئامێری گازکرۆماتۆگرافیەوە،هەروەها رێگای ٣٧١٠ASTM D بۆ گازویل بەهۆی گاز کرۆماتۆگرافیەوە، ئەمانە باشترین رێگای ستاندارن بۆ پێوانی، بێگومان هەریەکەشیان بەپێی پلەی گەرمی دەگۆڕێن.

کانزاکانی ناو نەوت Metals

کانزاکانی ناو نەوت بەگشتی زانیاری لەبارەی سەرچاوەی نەوتەکەو شوێنی دەرچوونی نەوتەکە بەدەستەوە دەدەن، بەزۆری تاقیکردنەوەکانی نەوت بۆ کانزاکانی ناوی گەڕان بەدوای نیکل و ڤەنایۆم دەگرێـتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو دوومادەیە دەبنە بەربەست لەبەردەم پاککردنەوەی نەوتەکە لە گۆگردی هایدرۆجین، هەروەها بۆ بەرهەمەکانی نەوتیش بەتایبەت بەرهەمەکانی چەورکردن، کانزاکانی ناو نەوت رۆلێکی گرنگ دەگێڕن بۆ زانینی دواکاتی روپۆشکردنی ئامێرەکە بەو مادەیە.رێگای ASTM D٥١٨٥ وەک ستاندار بەکاردەهێنرێـت بۆ دۆزینەوەی مەوادە ئیزافیەکانی ناو بەرهەمەکەو هەروەها کانزاو تەنۆلکەکانی تری نەوتەکە لەناو بەرهەمەکەدا.ئەم رێگایە بەکاردێت بۆ دۆزینەوەی ٢٥ جۆرە کانزای جیاواز لەناو چەندین بەرهەمی نەوتی دا.

توانەوەی ئاوی Aqueous Solubility

دەتوانین رێژەی توانەوەی نەوت لەناو ئاودا بدۆزینەوە ئەگەر سەرەتا قەبارەی هەردوو شلەکە یەکسان بکەین پاشان شیکاری بۆ ئاوەکە بکەین، شیکاریەکەش بە شێوەیەک دەکرێ کە نەوت و گازی تواوەی ناو ئاوەکە حەێر بکەین و پاکی بکەینەوە یاخود لە بری ئەوە بەشی سەرەوەی ئاوەکە وەربگرین، بەتایبەت کاتێک ئەگەر نەوتەکە دەوڵەمەند بێت بە زۆرێک لە ماددە جیاوازە ئۆرگانیەکیەکان کە هەریەکەیان پلەیەکی جیاوازی تواوەیان هەیە لەناو ئاودا، بۆیە توانەوەی ئاوی بۆ نەوت پێناسەدەکرێت بە ماددە ئۆرگانیە تواوەکانی ناو نەوت، پێکهاتەو چڕی هەریەک لەو مادانەش لەسەر یەکسانکردنی شلەکان لەکاتی بەکارهێنان دەوەستێـت.

رێژەی داواکراوی ئۆکسجینی بایۆلۆژی Biological Oxygen Demand (BOD)

هەروەها پێشی دەوترێت ئۆکسجینی بایۆکیمیایی کە رێگایەکی ستاندارە بۆ وەسفکردن و دۆزینەوەی رێژەی ئۆکسجینی تواوە لەناو ئاوداو لە کرداری ئۆکساندنی بۆیۆلۆژی لەماوەیەکی دیاریکراو بەکاردەهێنرێت.پێوەرەکەشی بە پاوەن/پاوەند دەبێت واتا هەر پاوندێک لە ئۆکجسین بەرامبەر پاوەندێکی کیمیایی دەبێت لەکاتی دەستپێکردنی تێسەتەکەدا، لەوکاتەی ژمارەکە دەگاتە رێژەیەکی سەدی مانای هەر پاوەندێکی ئۆکسجین لەلایەن ١٠٠پاوەندی کیمیاییەوە بەکارهێنراوە.

بەرهەمی نەوتی خاو Yield on Crude

لە کیمیادا پێناسە دەکرێت بەو بەرهەمەی لە ئەنجامی کارلێکێکی کیمیاییەوە دەردەچێت، لە پیشەسازی نەوتدا ئەم دەستەواژەیە تائێستا لە تاقیگەکانی نەوت بەکاردەهێنرێت و بەگشتی زانیاری لەسەر شکانی بەندەکانی خاوەکە دەدات، بەگشتی لە جیهاندا کۆمەلێک دەستەواژەی باو هەن بۆ ئەم تاقیکردنەوەیە لە بەرامبەر کاردانەوەکانیان بۆ پلەی کوڵان.

ژەهراوەکان Toxicity

ژەهراوەکان بە گشتی بۆ سەر سێ جۆر دەستەواژە دابەشدەبن

LC٥٠: ئەم دەستەواژەیە بۆ چڕی هەر مادەیەک بەکاردێت کە رێژەی بوونە هۆکاری مردنی بۆ مرۆڤ بگاتە %٥٠ بە %٥٠، بەگشتی زۆربەی ئەو لایانەنانەی ئەم تێستە دەکەن عادەتەن لە کاتێکی دیاریکراو دادەیکەن بۆ بەرهەمەکە هەندێ حالەت هەیە کە رێژەی %٥٠ لەسەرەتادا دەدات بەلام ئەگەر جێگیر نەبێت ئەوا ناکرێ پشتی پێببسەترێت بەهۆی بوونی چڕی جیاواز لە نێو مادەکە.

EC٥٠: ئەم دەستەواژەیە بۆ چڕی هەر مادەیەک بەکاردێت کە رێژەی بوونە هۆکاری مردنی جگە لە کەسەکەکان بۆ دەوروبەرو شتیتریش بگاتە %٥٠ بە %٥٠ بە واتای جگە لە مردن کاریگەری تریش دروست دەکات

TLM: دەستەواژەیەکە زۆر جار لە بری EC بەکاردێت.

پەراوێزەکان.:-

١- The Emergencies Science Division (ESDهۆبەی فریاکەوتن و زانیاری

٢- the American Society for Testing and Materials (ASTM) یەکێتی ئەمریکی بۆ تاقیکردنەوەی تایبەتی ماددەکان

:02:51:24.02.2015
زیاتر ...
Resistant Co. Reklam
ئایه‌ كام حیزب پشكى له‌ داهاتى نه‌وت هه‌یه‌






هەلی کار