100₺ = 35,250 IQD         100ERU = 137,750IQD          Zer ayar(21) = 225,000IQD         100,000Tomen = 33,000IQD          100£ = 160,250IQD         100$ = 128,250IQD    
پسپۆرانی ئابوری و یاسایی: سندوقی کوردستان بۆ داهاتەکانی نەوت وگاز پڕۆسەی نەوت شەفافتر ناکات





تایبه‌ت به‌ وزه‌ نیوز 


لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوو: سەرجەم داهاتی نەوت ١٠ ملیار دۆلار بووە. سەرجەم خەرجی نەوت ٩ ملیار دۆلار بووە. یەک ملیار دۆلاریش لە مانگی ٣ و ٤ ی ٢٠١٤ وەک مووچە بۆ فەرمانبەران دابەشکراوە.
بۆ هه‌رێمى كوردستان سندوقی داهاتی نه‌وت یه‌كێك بوو له‌ پرۆژه‌ ستراتیجیه‌كانى  هه‌رێمى كوردستان و رۆڵێكى به‌رچاوى ده‌بوو له‌ پێشخستنى هه‌رێمى كوردستان و بنیادنانى ژێرخانى ئابووری و گه‌ره‌نتىكردنى پشكى نه‌وه‌ى داهاتوو له‌ فرۆشتنى نه‌وتى ئێًستا، به‌لام  پرسی سندوقى داهاتى نه‌وت  بۆچوونى جیاواز و هه‌لوێستى  جیای لێكه‌وتووه‌ چه‌ندلایه‌نه‌ك له‌ ناو په‌رله‌مانى كوردستان به‌ پێویستیان زانی  به‌شێوه‌یه‌كى شه‌فافانه‌ ماه‌مه‌ڵه‌ ڵه‌گه‌ل ئه‌و سندوقه‌ بكرێت .

(سندوقەکە بە تەنها کاریگەری نابێت)

د.عزەت سابیر پەڕلە مانتاری کوردستان، پێی وایە ئەم یاسایە گرنگیەکەی لە وەدایە کە کۆی داهاتەکانی نەوت و گاز یەکدەخات «هەیە لە م هەرێمەدا هەر خەرجییەک پەڕلە مان پەسەندی نەکات بە نایاسایی هەژمار ئەکرێتڤ، بۆیە بە یاسایی بوونی پڕۆسەی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا، بە دامەزراوەییبوونی پڕۆسەی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا بەرهەمی ئەم یاسایەیە. بە پێی ئەم یاسایە سەرجەم داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها ئەو پارانەی لە بەغداوە بۆ کوردستان رەوانە ئەکرێت لە بەرامبەر نەوتدا،
هەروەها لە داهاتوشدا هەر پارەیەک لە پڕۆسەی نەوت دەست بکەوێت کۆی داهاتەکە دەچێتە ئەم سندوقەوە، ئەم سندوقە حسابێکی داخراوە پارەی لێ خەرج ناکرێت تەنها پارەی تێ ئەچێت ئەمەش یەکێکی ترە لە خاڵە پۆزەتیڤەکانی ناو ئەم یاسایە ». لە بەرامبەردا د.زاهیر مەجید مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین هەڵگری بروانامەی دکتۆرا لە یاسای نەوت و گاز پێی وایە ئەم سندوقە بەتەها نابێتە هۆی شەفافتر بوونی پڕۆسەکانی نەوت و گاز لە کوردستان « دەرچواندنی ئەم یاسایە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ ئەبینێت لە زۆر بواردا، یەکێک لەو بوارە شەفافیەتە، لە بەر ئەوەی ئەو داهاتانە کە بە پێی ئەم یاسایە
ئەم سندوقەی بۆ دا ئەمەزرێت و دەستەیەکی ئەبێت کەسەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانە و نوێنەری وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی تێدا ئەبێت کە دەبێتە هۆی شەفافبوونی زیاتر. بەڵام تەنها ئەوە نابێتە هۆی شەفافبوونی تەواو لە بەر ئەوەی ئەم سندوقە تەنها بۆ داهاتەکەیە و شەفافبوون لە بواری نەوت تەنها داهات نییە بەڵکو پێویستە وەک لە سەرەوە باسم کرد هەموو بوارەکانی تر بگرێتەوە. ئێمە یاسای نەوتمان هەیە لە کوردستان ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠ ٧ بەڵام دوای ئەمە یاسایەکمان پێویستە بۆ دروست کردنی کۆمپانیایەک بۆ گەڕان و دۆزینەوەی نەوت، چونکە چەندی کۆمپانیایەکە هی خۆت بێت زیاتر دەچێتە ژێر باری پاڕلە مان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها کۆمپانیایەک بۆ بەبازاڕکردن و کۆمپانیایەک بۆ هەناردە کردنی نەوت ». هەروەها ناوبراو پێی وایە دسورتنەکردنی چەند کۆمپانیایەک کە لە یاسای نەوت و گازی هەرێمدا ناویان هاتووە کەمتەرخەمی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانە » پێویستە پەڕلە مان ئەو پرسیارە لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بکات بۆچی لە گەڵ دروست بوونی وەزارەتی سامانە سروشتیەکاندا یان لە گەڵ دەرچوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم ئەو بەشانەی تری یاساکە کە دەبوو دروست بکرێن، ئەوانە دروست نەکران. تاکو ئێستا هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بووە خۆی گرێبەست ئەکات نەوتەکە دەر ئەهێنێت. وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کۆمیتەیەک دروست ئەکات بۆ ئەوەی تەنسیق لە گەڵ کۆمپانیا بیانیەکان بکات وەزارەتی سامانە سروشتیەکان نەوت ئەفرۆشێت پارەکە وەر ئەگرێت ئەیداتە وەزارەتی دارایی و ئەیدات بە حکومەت، ئەمەیە کە گومانی لای خەڵک درووست کردووە 

سەبارەت بەوەی کە لە و کاتەوەی کوردستان ئەم یاسایەی نەبووە داهاتەکەی لە کوێ بووە؟
 د.عزەت سابیر وتی داهاتەکەی هەمووی لە حسابێکی بانکی بووە بەناوی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە. ئەمەش لە رێگای حسابێکی بانکی لە بەریتانیا و شاریقە، هەروەها لە بانکی نێودەوڵەتی کوردستان لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک .» هەروەها ناوبراو گومانی خۆی نەشاردەوە لە سەر بڕی ئەو داهاتەی کە حکومەت لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوو پێشکەشی پەڕلە مانی کردووە و وتی « ئێمە ئێستا راپۆرتێکمان لایە حسابی ١٠ سڵی دەرخستەی نەوتی تیا نووسراوە لە ٢٠٠٤ تا ٢٠١٤ لە و راپۆرتەدا هاتووە هەموو داهاتی نەوت ١٠ ملیار دۆلار بووە هەموو خەرجی نەوتیش ٩ ملیار دۆلار بووە یەک ملیار دۆلاریش لە مانگی ٣ و ٤ ی ٢٠١٤ وەک مووچە دابەش کراوە، ئەوەی ئێمە ئەیزانین تەنها ئەوەیە لە بەر ئەوەی ئەم حسابە لە لایەن هیچ لایەنێکی سێیەم وەک دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمی کوردستاندا یان کۆمپانیای جیهانی
باوەر پێکراو ورد بینی بۆ نەکراوە و روون نییە لای من ئەم حسابە تا چەند راستە

(کێ دەسەڵاتی هەیە لە سەر ئەم سندوقە و رۆڵی وەزارەتی دارایی چی دەبێت)

د.عزەت سابیر دەڵێ ئەم سندوقە دەستەیەکی ٧ کەسی دەبێت کە هەریەکە لە سەرۆکی دەستە و جێگرەکەی و سەرۆکی سندوقەکە و نوێنەری وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و دوو شارەزا لە بواری سامانە سروشتیەکان و دارایی، ئەمانە سەرپەرشتی ئەم سندوقە ئەکەن. ئەم دەستەیە لەم ماوەیەی بۆی دانراوە دەبێت دروست بکرێت سندوقەکەش بکەوێتە کار سەرجەم داهاتی نەوتبچێتە ناو ئەم سندووقەوە. 

هەروەها د.زاهیرمەجید دەڵێ بەپێی یاساکە بەگشتی ئەم دەستەیە لێپسراوە بەرامبەر پەڕلە مانی کوردستان، پێویستە هەموو ڕاپۆرتی مانگانە و ساڵانە بداتە پەرلە مانی کوردستان. سەبارەت بە گرنگی سندوقەکە بۆ وەزارەتی دارایی د. عزەت وتی « لە یەکێک لە مادەکانی ئەم یاسایەدا هاتووە کە کورتهێنانی بوودجەی ساڵانەی وەزارەتی دارایی لە م سندووقەوە پڕ ئەکرێتەوە، ئەوەش سودێکە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام بەداخەوە ٢ ساڵە بوودجە نەهاتۆتە پاڕلە مان لە لایەکی ترەوە لە م دوو ساڵەدا سەرجەم وەزارەتی دارایی چاوی لە دەستی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بووە کە چەند پارەی پێئەدات تاکو بیکات بە مووچەو بەسەر فەرمانبەراندا دابەشی بکات. ئەم دەسەڵاتە ئیتر لە دەستی وەزارەتی سامانە سروشتیەکاندا نامێنێت و چاو ئەخاتە سەر ئەم دەستەیە کە ئەم سندووقە بەڕێوە ئەبەن کە بە یاساش پەسەند کراوە چەنێک پارەی بووێت ئەیداتێ. 

میکانیزمی خەرجکردنی داهاتەکانی ئەم سندوقە چین؟

د.عزەت سابیر پەڕلە مانتاری کوردستان دەڵێ: داهاتەکانی ناو ئەم سندووقە بۆ پڕکردنەوەی کورت هێنانی بوودجە و بەشەکەی تریشی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لە هەر پڕۆژەیەکدا بە کۆی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران پارەی لە م سندووقەوە بۆ خەرج ئەکرێت. بەبێ ئاگاداری پەڕلە مان هیچ پارەیەک لە م سندووقە خەرج ناکرێت، هەروەها بڕێک لە م پارەیە تەرخان ئەکرێت بۆ نەوەکانی داهاتوو. بڕێک لە م پارەیە تەرخان ئەکرێت کە پرۆژە یاسایەک، هیوادارم پاڕلە مانی کوردستان سەرکەوتوو بێت لە پەسەند کردنی، ئەوەش یاسای سۆشیالە، یاسای بیمەی کۆمەڵایەتی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئەم پرۆژە یاسایە ئەگەر پەسەند بکرێت لە پەڕلە مان لە م سندووقەوە پارەی بۆ خەرج ئەکرێت ».
سەبارەت بەوەی کە ئایا بڕی چەند بۆ ئەم پڕۆژە یاسانەی سەروو دابین دەکەن ناوبراو وتی « پێشبینی ئەکەم لە % ١٠ بۆ % ١٥ لە پارەی ئەم سندووقەی پێ بدرێت کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری ئەگرێتەوە ئەو مرۆڤەی لە و رۆژەوەی لە دایک ئەبێت تا ئەو رۆژەی کۆچ ئەکات بە شێوەیەک لە شێوەکان
لە م پڕۆژەیە سودمەند ئەبێت کە لە م سندووقەوە پارەی بۆ تەرخان ئەکرێت «. د.عزەت سەبارەت دابینکردنی داهاتی ئەو سندوقەیە زیاتر رووندەکاتەوەو دەڵێ « بەشێک لە پارەی ئەم سندووقە تەرخان ئەکرێت بۆ چاک کردنەوە و گەشەپێدانی ژێرخانی کشتوکاڵی.. بەشێک لە پارەی ئەم سندوقە تەرخان ئەکرێت بە بڕی ٢ دۆلار بۆ هەر قەزایەک لە کوردستاندا کە نەوتی تیا بەرهەم دێت. پێشتر گلە یی و گازندە لە حکومەت ئەکرا لە سەر ئەوەی ئەم بڕە پارەیە بۆ پارێزگا تەرخان ئەکرا، بەڵام ئێستا بۆ قەزا تەرخان ئەکرێت ئێستا بۆ نموونە لە مەخموور و گوێڕ و کۆیە نەوت بەرهەم دێت ناکرێت پارە بۆ هەولێر و دهۆک و سلێمانی تەرخان بکرێت.. ئەبێت ئەولە ویەت بدرێت
بەو شوێنەی کە نەوتی تیا بەرهەم دێت.. هەروەها سەرەڕای ئەمانەش پارەی ئەم سندووقە تەرخان ئەکرێت بۆ پتەوکردنی ژێرخانی نەوتی هەرێم .»

بۆچی سەرۆکی حکومەت لە بەڵێنەکەی پاشگەز بوویەوە؟

د.زاهیر مەجید پێی وایە ئەو مەسەلە یە ئاوا نییە خەڵک لێی تێگەیشتوون و بەهیچ شێوەیەکیش لە یاساکەدا ئەو باسە باس نەکراوە » لە یاساکەدا باسی ئەم بابەتە نەکراوە، ئەوەی سەرۆکی حکومەت وتی کە خەڵک ڕاستەوخۆ پشک دار ئەبن لە بەدەست هێنانی یان بەرکەوتنی داهاتەکانی نەوت ئەوە بە پێی یاسا و بەڕێگایەکی تر دەبێت پێویستە کۆمپانیایەکی پشکداری دابمەزرێت نەک لە ڕێگای ئەم سندوقەوە، ئەم سندوقە داهاتەکانی نەوت وەردەگرێت بە پێی یاسا ئەو کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی پشکداریە. من وەکو هاوڵاتیەک بەشداری ئەکەم لە سەر مایەی ئەو کۆمپانیایە، بۆ نموونە یەک ملیون دینار من ئەدەم بەم کۆمپانیایە خەڵکێکی تر ١٠٠ ملیون ئەدات ئەو کۆمپانیایە دێت وەبەرهێنان دەکات لە بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان، ئینجا ئەو وەبەرهێنانە حەتمەن قانزاجی دەبێت، من بە پێی ئەو بەشەی کە بەشداریم کردووە لە قانزاج بەشدار ئەبم بە پێی بەشداری کردنم لە کڕینی پشکەکەمدا «.هەروەها ناوبراو پێی وایە ئەو موچەیەی ئێستا خەڵک وەریدەگرێت بەشێکە لە و بەڵێنەی سەرۆکی حکومەت « کاتێک یاسا کە لە برگەی یەکەم ماددەی ١٢ دا ئەڵێ داهاتەکانی ئەم سندوقە بوودجەی گشتی تەمویل ئەکات واتا ئەم بوودجە گشتیە بۆ مووچەی هاوڵاتیانە بۆ پڕۆژەکانە بۆ هەموو شوێنە جیاوازەکانە. من  پێموایە ئەو قسەیەی سەرۆکی حکومەت کە راستەو خۆ پارە بە هاوڵاتی ئەدرێت پێویستە تەفسیر بکرێت کە چۆن ڕاستەوخۆ پارە بەهاوڵاتیان بدرێت بۆیە من بە باشی نازانم ئەوەی کە ئێمە زانیاریمان هەبێت ئەگەر لە هەر بەرمیلێک

چەند دۆلارێک راستەوخۆ بدەیت بە هاوڵاتیان، لە راستیدا ئەوە کێشەیە وای لێ دێت خەڵک کار ناکات ئەمە لە بواری نەوت و گازدا پێی ئەو ترێت نە خۆشی هۆڵەندی.ئەو کاتە چینێکی مووشە خۆر دروست ئەبێت دائەنیشێت هیچ کارێک ناکات «. لە بەرامبەردا د.عزەت سابیر پەڕلە مانتاری کوردستان دەڵێ « ئێستا پرۆژە یاسایەکمان لە بەردەستایە بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای کوردستان بۆ دۆزینەوە و بەرهەم هێنانی نەوت یەکێک لە مادەکانی ئەم یاسایە باس لە وە ئەکات کە ئەم کۆمپانیایە مافی ئەوەی هەیە بیکات بە کۆمپانیای پشکدار، ئەم کۆمپانیا پشکداریە هەموو خەڵکی کوردستان مافی ئەوەی هەیە پشکی تیادا هەبێت ساڵانە داهاتی نەوت ئەچێتە ئەم سندوقەوە تەرخان ئەکرێت بۆ ئەو خاوەن پشکانەی لە م کۆمپانیایە پشکیان هەیە » 
هەروەها ناوبراو وای بۆدەچێت کە بەڵێنەکەی حکومەت بە شێوەیەکی تر جێبەجێ دەکرێت « بەشێکی زۆری داهاتی ئەم سندووقە تەرخان ئەکرێت بۆ یاسای سۆشیال، ئەم یاسایە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لێی سوودمەند ئەبن بەشێوەیەک لە شێوەکان، ئەوە ئەوە جێ بەجێ ئەکات کە سەرۆکی حکومەت بەڵێنی دا بوو مەرج نییە
بە هەمان وشە بە هەمان تەعبیر تۆ ئەگەر خوێندکار بوویت پارەت وەر گرت بەشێوەی مانگانە، ئەگەر فەرمان بەر بوویت وەرت گرت، ئەگەر منداڵێکی ساوا بوو پارەی وەرگرت بۆ شیر، یان خانەنشین بوویت یان کەم ئەندام پارەت وەرگرت، کەواتە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئامانجەکەی سەرۆکی حکومەت ئەپێکێت 

(وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، دوای دامەزرانی کۆمپانیاکانی ناو یاسای نەوت و گاز)

بەپێی هەریەک لە مادەکانی ١١و ١٢و ١٣ ی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، پێویستە لە ماوەی کاریدا چوار کۆمپانیا بە ناوەکانی 
(کۆمپانیای کوردستان بۆ دۆزینەوەو وەبەرهێنان) و 
(کۆمپانیای کوردستانی نیشتیمانی نەوت) و 
(کۆمپانیای کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت) و 
(کۆمپانیایکوردستان بۆ پرۆسەکانی پاڵاوتن) و پاشکۆکانی) دروست بکات،
لە ێستاشدا دوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای سندوقی کوردستان بۆ داهاتەکانی نەوت و گاز، 
پرسیار ئەوەیە کە لە ئەگەر دروستکردنی ئەم کۆمپانیایانەدا وەزارەت رۆڵی چی دەبێت؟ 

د. عزەت سابیر پێی وایە دوای دامەزراندنی ئەو کۆمپانیایانە بڕیارەکان هەمووی لای وەزیر نابێت «وەزیری سامانە سروشتیەکان لە سەرووی هەموویانەوە تەنها سەرپەرشتی ئەکات و هەموو بڕیارەکان لای ئەو نابێت. ئەگەر تێبینی سندووقی داهاتە نەوتی و گازیەکانی هەرێم بکەین ئەو دەستیەی بەڕێوەی ئەبات سەر بە ئەنجومەنی وەزیران ئەبێت، تەنانەت پەیوەست نییە بە ئەنجومەنی باڵای نەوت و گازەوە. دەسەڵاتەکانی ئەمانە دیاری کراو ئەبێت، بەڵام لە سەرووی هەموویەوە ئەو کەسەی سەرپەرشتی و پەیوەندی لە نێوان سندووقەکە و کۆمپانیاکان درووست ئەکات وەزیری سامانە سروشتیکانە، بەڵام کەسیان ناتوانن دەستکاری پارەی ناو ئەم سندووقە بکەن بەنموونە ئێستا لە عێراقدا وەزیری نەوت ٣ بڕیکاری هەیە بریکارێک بۆ گرێبەست کردن بریکارێک بۆ هەناردەکردنی نەوت و بریکارێک بۆ بەرهەم هێنانی نەوت هیچ کام لە مانە تەداخول لە کاری ئەوەی تردا ناکات، وەزیری نەوتیش دەسەڵاتی موتلە قی نییە بەسەر هیچ کام لە بڕیکارانەدا، بۆیە بە دامەزراوەیی ئەکرێت ئەم پرۆسەیە ». لە بەرامبەردا د.زاهیر مەجید پێی وایە سیفەتیوەزارەت ئەوە نییە کە داهات لە ژێر دەستی ئەو بێت و ئەوەی تائێستا کردوویەتی وەک سیفەتێکی لاوەکی بووە بۆی « نابێت داهاتی نەوت لە ژێر دەستی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بێت کە تا ئێستا ئەوە کراوە لە بەر ئەوە بووە کە ئێمە ئەم جۆرە یاسایەمان نەبووە/ ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کردوویەتی وەک سیفەتێکی لاوەکی بووە چونکە سیفەتی ئەسڵی وەزارەت ئەوە نییە داهاتی نەوتی لابێت، لە ڕاستیدا ئەمە لە قاڵبدانە، بەڵام گەڕانەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانە بۆ ئیشی ئەسڵی خۆی وەک وەزارەتی نەوتی عێراق، بوودجەی عێراق % ٩٥ ی لە سەر نەوتە بەڵام وەزارەتی نەوت پەیوەندی بەم بابەتانەوە نییە، ئەو پارەی نەوتە کە وەرگیرا ڕاستەوخۆ ئەچێتە بانکی ناوەندی و لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی دەبێت « سەبارەت بە دەسەڵاتی گرێبەستەکانیش ناوبراو وتی «بەڵێ وەزارەت گرێبەستەکان ئەکات و ئەچێتە لای ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گاز پێویستە ئەوان پەسەندی بکەن بەپێی یاسای نەوت و گاز ». 

سەبارەت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت لە رێی تانکەرەکانەوە د.عزەت سابیر داهاتی یەک ساڵی فرۆشتنی نەوتی بە تانکەر ئاشکرا کرد « لە ساڵی ٢٠١٤ دا ١٢ ملیۆن بەرمیل نەوت تەنها لە رێگای تانکەرەکانەوە فرۆشراوە، ئەو داهاتەش وەزارەتی سامانە سروشتیەکان وەری گرتووە و وەک مووچە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە ».لە بەرامبەردا د.زاهیر دەڵێ: پرسی فرۆشتنی نەوت بە
تانکەر لە یاساکەدا باسنەکراوە بەڵام دەقەکانی یاساکە روونە بۆ گەڕاندنەوەی داهات «بە پێی یاساکە کە ئەو داهاتانەی دەچنە ئەو سندوقەوە وەک لە بڕگە ٣ لە مادە ٨ دەڵێت: کۆی داهاتەکانی بەرهەمە نەوتی و گازیەکان خۆ ئەو نابەت باسی تانکەر بکات بەڵام ئەڵێت کۆی داهاتەکانی بەرهەمە نەوتی و گازیەکان، کەواتە سندوقەکە

مافی خۆیەتی ئەو دەستەیەی بۆی دادەمەزرێت لە گەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دابنیشن لێکۆڵینەوە بکەن لە و بارەیەوە .» 

(وەبەرهێنان لە پارەی سندوقی کوردستان)

ئایا داهاتی پارەی نەوتی کوردستان تائێستا لە کوێ هەلگیرابوو؟

بە پێی بڕگەی ٦ لە مادەی ٨ ی ئەم یاسایە، دەستەی سندوقی کوردستان داهاتی سندوقەکە لە ئەستۆ دەگرێت و وەبەرهێنانی پێوە دەکات، بێگومان ئەم بڕگەیە بەلای زۆرێک لە هاوڵاتیانی کوردستان جێگای تێڕامانە، بەو پێیەی لە ماوەی رابردوودا وەبەرهێنان لە کوردستان نەیتوانی ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان، بۆیە د.زاهیر مەجید پێی وایە ناکرێت ئەو پارەیە بەشێوەی خەوتوو لە بانکەکان هەڵبگیرێت « مەعقول نییە پارەیەک لە سندوقێک بێت لە بانەکان دابنرێت و بخەوێنرێت، با وەبەر هێنانی پێوە بکرێت لە سێکتەری جیاواز وەک نیشتەجێ بوون کشتوکاڵ، بەڵام
لە بیری نەکەین بەپێی یەکێک لە م مادانە خازعە بۆ چاودێری پاڕلە مان و چاودێری دارایی بۆیە پێویستە پارلە مان و چاودێری دارایی ورد بینی بکات 

« سەبارەت بە ئەگەری تێوەگڵانی گەندەڵی لە وەبەرهێنان بە داهاتی ئەم سندوقەوە د.عزەت سابیر دەڵی ئێمە پڕۆژکەمان لە ئاراستەیەکەوە بۆ ئاراستەیەکی تر گۆڕی، بۆیە هاوڵاتیان ترسی ئەوەیان با نەبێت « ئەم پرۆژەیە کە حکومەت دابووی بە ئێمە ئەیوت داهاتی ئەم سندوقە لە باتکی ئەهلیدا هەڵبگیرێت، ئێمە ئەوەمان نەهێشت تێپەڕێت ئەوە خراپ بوو. مەرجمان دانا وتمان پێویستە داهاتی نەوت لە م سندوقە و لە ژێر چاودێری حکومەت و لە بانکی حکومیدا هەڵبگیرێت وەک بانکی ناوەندی،لە حاڵەتێکدا ئەگەر مەبەستی وەبەرهێنان بوو ئەتوانی بیدەیت بە بانکێکی ئەهلی بەرامبەر بە قانزاج نەک پارەی حکومەت لە بانکی ئەهلیدا هەڵبگیرێت، وەک ئەوەی ئێستا ئەگوزەرێت. ئێستا بانکێک هەیە پێی ئەوترێت بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی کە ئەهلیە چی پارە  و داهاتی کوردستانە لە و بانکەدا هەڵئەگیرێت کە لە هیچ شوێنێکیدنیادا رووی نەداوە حکومەت و
دەوڵەت پارەی خۆی لە بانکی ئەهلیداهەڵبگرێت .»

(کێ دەسەڵاتی راکێشانی پارەی دەبێت لە سندوقەکە)
 
د.زاهیر مەجید دەڵێت دەسەڵاتی جێبەجێ کردن بەهیچ شێوەیەک بۆی نییە پارە لە م سندوقە راکێشێت بێ رەزامەندی پەڕلە مان « ئەگەر حاڵەتێکی پێویست هەبوو،پێویستە لە رێگای پرۆژەیەکەوە پەرلە مان رێگا بدات. بۆنموونە ئەگەر ئێمە لە
٢٠٠ ٧ ەوە ئەم سندوقەمان هەبوایە بە پێی مادە ٥٧ لە یاسای نەوت و گاز ئەگەر % ٣ی داهاتی نەوت لە م سندوقە هەڵبگیرایەو وەبەرهێنانی پێوە بکرایە، هیچ کەسیش بۆی نەبوایە دەستکاری ئەم سندوقە بکات جگە لە پەرلە مان، ئێستا بە دڵناییی پارەی ئەو سندوقە بە ملیارەها دۆلار ئەبوو. باشە لە قەیرانێکی ئاوادا حکومەت ئیستعانەی بە پەرلە
مان ئەکرد پڕۆژەیەکی ئەنارد تاکو بە پەسەند کردنی بتوانرێت مانگانە چەند نەقسی کرد بۆ مووچەی فەرمانبەران لە م سندوقەوە پڕ بکرێتەوە «.
هەروەها د.عزەت سابیریش دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە لە کاتی دەرهێنانی ئەو پەرەیە بە رازامەندی پەرلە مان پارەکە بە سوودخستنەسەر بگەڕێنرێەوە بۆ سندوقەکە «
دەرهێنانی پارە لە م سندوقە بە داواکاری دەسەڵاتی جێ بەجێ کردن دەبێت لە سەرۆکی ئەم سندووقە، هەروەها وەک قەرز بە سوود دەبێت بیگەڕێنێتەوە، بێگومان ئەگەر کوردستان سندوقێکی لە م شێوەی هەبوایە ئێستا سودێکی زۆری لێ وەردەگرت، بە نمونە بەغداد سندوقێکی هەیە بەناوی سندوقی هاوکاری کەم ئەندامان کە پارەی تێدایە و وەبەرهێنانی پێوە کراوە لە سەرەتای ئەم کورت هێنانی بوودجەیە و شەری داعشەوە حکومەتی عێراقی بەقەرز پارەی لێ دەرهێناوە بە گرێبەستێک دواتر دەبێت بە زیادەوە بیداتەوە بەو رێژەیەی لە سەری رێککەوتوون.

:08:34:13.12.2014
زیاتر ...
Resistant Co. Reklam
ئایه‌ كام حیزب پشكى له‌ داهاتى نه‌وت هه‌یه‌






هەلی کار