100₺ = 35,250 IQD         100ERU = 137,750IQD          Zer ayar(21) = 225,000IQD         100,000Tomen = 33,000IQD          100£ = 160,250IQD         100$ = 128,250IQD    
كۆمپانیای رۆسنەفت و هەنگاوێكی تر بەرەو سەربەخۆیی
حمزە احمد حاجی
ماستەر لە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان

لە كوێی سیاسەتی نەوت و گازداین؟ تاچەند كورد توانیوویەتی سێكتەری وزە وەك كارتێكی كاریگەر بەكار بهێنێت ؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە پێویستمان بە فیدباكی سیاسەتی نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە لە چەند ساڵی رابردوو پەیڕەوی كردووە و گەر بەڕوونی وردبینەوە لە سیاسەتی هێنانی كۆمپانیاكان و پێدانی بلۆكە نەوتییەكان و دۆزینەوەی رێرەوی هەناردەكردنی نەوتی خاوی كوردستان بۆ دەرەوە، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر وریایانە توانیووییەتی وەبەرهێنان لە سێكتەری نەوت و گاز بخاتە خزمەتی سیاسەت و لە پێناو و ئامانجە نەتەوییە و ستراتیجیەكاندا بەكاری بهێنێت.

* هەنگاوی یەكەم و تێڕوانینی نێچیرڤان بارزانی

ساڵی 2005 لە یەكێك لە گەشتەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زاخۆ ( تاوكێ) بەرپرسێكی یاوەری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەپرسێت "ئایە دەست بردن بۆ مەلەفی نەوت دەبێ لە قازانجی كورد بێ و زلهێزەكان بهێڵن سەركەوتوو بین"؟ لە وەلًَامدا سەرۆكی حكومەت دەلێ "تاكە كارتی دەستی كورد سێكتەری نەوت گاز دەبێت ". ئەم هەڵوێستەی سەرۆكی حكومەت رەنگدانەوەی ئەو ویستەیە كە دەیەوێت سیاسەت و وزە بخاتە خزمەت ئامانجە ستراتیجییەكە و بۆ بەدیهێنانی خەونی لە مێژینەی كورد .

* سیاسەتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و پاراستنی خاك

ئەستەم بوو بۆ حكومەت هەرێمی كوردستان بتوانێ مامەڵە لەگەل دەیان كۆمپانیای نێودەوڵەتی خاوەن ئەزموونێكی دووردرێژی كێشمەكێشی یاسایی و بازرگانی بكات و بتوانێ بیانخاتە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم كارەش پیًویستە رۆڵی بەڕێز د. ئاشتی هەورامی لەبەرچاو بگیرێت كە توانی بڕواو متمانە دروست بكات و چەندین كۆمپانیای قەبەی نەوتی بهێنێتە كوردستان و سیاسەتی دابەشگردنی بڵۆكە نەوتیەكانی داڕشت و كۆمپانیاكانی ناچار كرد لە شوێنی دیاری كراو و لە بۆ كاتێكی دیاركاو بە دوای نەوت دا بگەرێن .

وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بە سەرپەرشتی د.ئاشتی هەورامی توانی لە كۆی 10 گەورە كۆمپانیاكانی نەوتی جیهان 4 كۆمپانیایان بروا پێ بێنێ و بیانهێنێتە كوردستان و دیارترینیان (ئیكسۆن مۆبیل ، شیفرۆن، گازپرۆم، تۆتال ) ئێستاش بە هاتنی رۆسنەفت بوو بە پێنجەم گەورە كۆمپانیای بواری نەوتی جیهان لە كۆی 10 كۆمپانیا كە هاتوونەتە كوردستان، ئەمە لەكاتێكدا ناوچەكە قەیرانی دارایی و ئالنگاری سیاسی و ئابووری تەنیووییەتی ، بۆیە ئەمە دەرخەری راست ودروستی سیاسەتی حكومەتی هەرێم و وەزیری سامانە سروشتیەكان نیشان دەدات كە لەم كەرتەدا پەیڕەویان كردووە .

لە كۆی هەموو ئەو هەڕەشانەش كە بە غدا لەهەرێمی كوردستانی دەكرد نەیتوانی ببێتە رێگر لەبەردەم هاتنی تەنانەت یەك كۆمپانیاش كە بینیمان هەرەشەكانی بەغدا بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان تا ئاستی دەركردنی كۆمپانیاكان لە پرۆژەكانی خوارووی عێراق زیاتر بڕی نەكردٍ، ویڕای سەلماندن و سەپاندنی مافدارێتی بۆ سامانی سرووشتی هەرێم كە درەنجامێكی تری گرنگی سیاسەتی نەوت و گازی هەرێمە.

وەزارەتی سامانە سرۆوشتیەكان توانیووییەتی پێگەی گەورە كۆمپانیاكان بخاتە خزمەتی سیاسەتی حكومەتی هەرێم و پاراستنی سنووری سامانی سروشتی ژێژ زەوی ، بەوەی كە بەشێكی بلۆكە نەوتییەكانی باكوری رۆژهەلاتی هەرێم ی كوردستانی( بلۆكی شاكەل و هەڵەبجە)ی داوە بە كۆمپانیای گازپرۆمی رووسی و بلۆكە ستراتیجییەكانی رۆژهەڵاتی باكور و باشوری ( قەرەهەنجیر وئەلقۆش و بەعشیقە) بدات بە كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل، هەر ئەمەش وای كرد هەڕەشەكانی حكومەتی عێراق بۆ هێنانی كۆمپانیای BP بەریتانی بۆ كەركوك هەڵبووەشێنێتەوەو لەسەروبەری هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان وایكرد سەرۆكی گەورەترین و زلهێزترین وڵات بلێت "هەولێر هێڵی سوورە"و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی داعش پێك بهێنێت.

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆ هێنانی كۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی لە رووی ئابوورییەوە چەندین سوودی هەیەو باسكراوە لەلایەن وەزیری سامانە سرووشتییەكان و كەسانی پسپۆرەوە، لە رووی یاسایشەوە ئەم گرێبەستە بە پێی ماددەی(5) بڕگە یەكەم و ماددەی (6 و 7و 9) لە یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی ژمارە(22)ی ساڵی (2007) ئەنجامدراوە و تەندروستە.

لە كۆتادا دەگەینە ئەو راستییە دڵخۆشكەرەی كە ئەم گرێبەستە نوێیە سەلمێنەری بەهێز بوونی پێگەی هەرێمی كورستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی و تا ئێستاش جێێگای ویستی كۆمپانیا جیهانییەكانە بۆ وەبەرهێنان لەوكەرتەدا، و هەروەها ئەم گرێبەستە لەگەڵ كۆمپانیای روسنەفت سیاسەٍتێكی دروست و ژیرانەی حكومەتی هەرێمە كە لە سیًَكتەری نەوت و گازدا خۆی یەكلا نەكردۆتەوە لەنێوان زلهێزەكانی هێزی دونیا و هاوسەنگی پاراستووە و توانیووییەتی بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ هەردوو زلهێزی دونیا و كۆمپانیاكانیان دروست بكات وەك گەورە كۆمپانیااكانی روسیاو ئەمریكا، ئەمەش وای كردووە ئارامی هەرێمی كوردستان ببێت ویستی وڵاتانی زلهێز و ناوچەكە،و هەرێمی كوردستانیش بە ئاگاییەوە هەنگاو هەڵدەگرێ بۆ ئامانجە ستراتیجییەكانی و بەدیهێنانی خەونی سەربەرخۆیی.
:01:13:08.03.2017
وتاره‌کانی تری نوسه‌ر
Resistant Co. Reklam
ئایه‌ كام حیزب پشكى له‌ داهاتى نه‌وت هه‌یه‌






هەلی کار